چیرۆكی زێدی خۆم؛ بۆرماو چەوساندنەوەی موسوڵمانان......

{ وقد روي الطبراني عَنْ حُذَيْفَةَ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ: "مَنْ لَمْ يَهْتَمَّ بِأَمْرِ الْمُسْلِمِينَ فَلَيْسَ مِنْهُمْ ..."}. واتە: هەركەسێك گرنگیی بەكاروباری موسوڵمانان نەدات، لەسەر رێنمایی ئەوان نییە...

بۆرما كەبەناوی میانماریش بەناوبانگە بەفەرمی بەكۆماری یەكێتیی میانماری بۆرمی ناسراوە بریتییە لەیەكێك لەوڵاتەكانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا, لە (1/4/1937ز) لەدەوڵەتی هیندیی بەریتانی لەئەنجامی راپرسی‌و هەڵبژاردنێك جیابویەوە.
ئەم راپرسییە بۆ ئەوە بو بۆرما لەژێر دەسەڵاتی موستەعمەرەی هیندیی بەریتانی بمێنێتەوە یان وەك تەنها موستەعمەرەیەكی بەریتانیی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ, لەو كاتەدا بۆرما سەر بەدەوڵەتیی هیندی بەریتانییەكان بو، ئەم وڵاتە لەیەكێتیی چەند ویلایەتێكی وەك (بۆرما، كارن، كاباوشان، كاشین، شن) پێكهاتبو، لەساڵی (1940ز) میلیشیای (30) سی هاوڕێكە سوپای سەربەخۆیی بۆرمایان پێكهێنا, ئەم هێزە چەكدارە تایبەت بو بەدەرپەڕاندنی داگیركاری بەریتانی, سەركردەی سی هاوڕێكە مەشقی سەربازییان لەیابان وەرگرت‌و لەگەڵ داگیركاری یابان لەساڵی (1941ز) گەڕانەوە بۆرما, لەكاتێكدا میانمار لەجەنگی دوەمی جیهانیدا چەقی هێڵی روبەڕوبونەوە بو لەنێوان بەریتانیاو یاباندا.
لەتەمموزی (1945ز)دا لەدوای تەواوبونی جەنگی جیهانی دوەم بەسودی هاوپەیمانان, بەریتانیا میانماری وەك موستەعمەرەیەك خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی ئەمەش بوە هۆی دروستبونی ململانێ لەنێو خۆی بۆرماییەكان‌و دابەشبون بەسەر چەندین بەرەدا, بەشێكیان لایەنگریی بەریتانیاو بەشێكی تر لایەنگریی یابان‌و بەشێكی تریش دژی دەستتێوەردانی هەردولا بون, دوا جار لەساڵی (1948ز) سەربەخۆیی خۆی وەرگرت‌و لەبەریتانیا جیابویەوە, بۆرما لەڕوی پێكهاتەی رەگەزی‌و زمانەوە جیاوازە، ئەمەش بەهۆكاری ئەو جیاوازییەی دەوڵەتەكەی لێپێكهاتوە. زۆرینەی دانیشتوانەكەی بەبۆرمی قسەدەكەن‌و بەمانە ئەوترێ: بۆرمان، دانیشتوانەكەی تری بەزمانی جیاواز قسەئەكەن، لەنێوانی ئەم پێكهاتە جیاوازانەدا پێكهاتەیەك هەیە بەناوی ئەرەكان, لەبەشی باشوری بەرزاییەكانی بۆرما, لەگەڵ كۆمەڵی كاشین ئەژین‌و ئیسلام لەنێوانی ئەمانەدا بڵاوبۆتەوە.

• بنچینەی ناونانەكەی:
ناوی بۆرما لەوشەی بۆرمی (بارما)وە هاتوە, لەبەرئەوەی بۆرماییەكان وشەكان بەنیوەناچڵی گۆئەكەن، وەكو ئەوەی بۆرما بەباما یان میانمار گۆئەكەن.
ساڵی (1989ز) حكومەتی بۆرمای سەربازی بەڕەسمی لەزۆربەی شوێنەكان ناوی بۆرمای گۆڕی بۆ میانمار هەتا ئێستاش گۆڕینی ناوەكە جیاوازیی دروستكردوە, نەتەوەیەكگرتوەكان لەدوای (5) رۆژ راگەیاندنی گۆڕینی ناوەكە دانیاننا بەناوی میانماردا, زۆرێك لەدەوڵەتەكانی وەك ئوسترالیاو كەنەداو فەڕەنساو شانشینی یەكگرتوو ویلایەتە یەكگرتوەكان دان بەو دەوڵەتەدا ئەنێن بەناوی بۆرما, بەڵام هەریەك لەوڵاتەكانی ئەڵمانیاو هیندو یابان‌و روسیاو كۆماری چین‌و دەوڵەتەكانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەو دەوڵەتە بەناوی میانمار ئەناسێنن.

• مێژوی نوێ
مێژوی نوێ بەچەند سەردەمێك دەستپێدەكات لەوانە:
1. سەردەمی باغان (١٠٤٤-١٢٨٧ز).
2.  مەمالیكی بچوك (١٢٨٧-١٥١٣ز).
3. سەردەمی تونجو (١٥١٣-١٧٥٢ز).
4. سەردەمی كۆنبنغ (١٧٥٢-١٨٨٥ز).
5. چەرخی ئیستیعماری (١٨٨٦-١٩٤٨ز).
موسوڵمانەكان زۆر بەتوندی روبەڕوی داگیركاری بەریتانی بونەوە، ئەمەش ترسی بۆ بەریتانییەكان دروستكرد لەبەرئەوە دەستیانكرد بەهەڵمەتی لەناوبردنی هێزو دەسەڵاتی موسوڵمانان، بەدروستكردنی دوبەرەكی لەنێوان ئاینزاكانی وڵاتەكەدا بۆ كەرتوپەرتكردنی یەكێتیی نێوانی پێكهاتەكانی بۆرماو دوژمنایەتی دروستكردن لەنێوانیاندا هەروەكو سروشتی تایبەتیی بەریتانییەكان خۆیان كە هەمیشە بەو شێوەیە بون "پەرتكەو زاڵبە"، بۆیە كەوتنە هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕو ئاژاوە لەنێوان موسوڵمانەكان‌و بوزییەكاندا، ئەم پلانگێڕییە لەكۆمەڵێك دیاردەی خراپەكاری بەرامبەر موسوڵمانەكان خۆی ئەبینێتەوە. لەوانەش:-
1. دورخستنەوەی موسوڵمانەكان لەكاری خۆیان‌و دانانی بوزییەكان لەجێگەیاندا.
2. دەستبەسەراگرتنی موڵك‌و سامانی موسوڵمانەكان‌و دابەشكردنی بەسەر بوزییەكاندا.
3. راپێچكردنی موسوڵمانەكان، بەتایبەتی سەركردەكانیان بۆ زیندان یان دورخستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات.
4. هەڵنانی بوزییەكان دژی موسوڵمانەكان‌و پشتگیریكردنی بوزییەكان بەچەك، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی موسوڵمانەكان توشی قەسابخانەكەی ساڵی (١٩٤٢ز) ببن‌و زیاتر لە (١٠٠) هەزار لەموسوڵمانانی ئەرەكان بەدەستی بوزییەكان بكوژرێن.
5. داخستن‌و تەقاندنەوەی پەیمانگەو قوتابخانەو دادگا شەرعییەكان لەبۆرما بەتایبەتی لەئەرەكان.

یاسای دەسەڵات:
حوكمی عەسكەرتاریی (١٩٦٢-٢٠١١ز)، ئەنجومەنی سەربازیی دەوڵەت بۆ ئاشتی‌و گەشە دەسەڵاتی بەسەر حكومەتی بۆرمادا گرت‌و سەرۆكی ئەنجومەن بەرپرسیارێتیی سەرۆك وەزیران‌و وەزیری بەرگری گرتەدەست، ئەنجومەنی سەربازیی دەسەڵاتی بۆرمای بەكودەتایەكی سەربازی لەساڵی (١٩٦٢ز) گرتەدەست‌و هەتا ساڵی (١٩٩٧ز) بەئەنجومەنی دەوڵەت بۆ گێڕانەوەی یاساو دەسەڵات ناسرابو، كودەتاچییەكان هەرچی دەسەڵاتی یاسادانان و دامەزراوەكانی دەوڵەت هەبو، هەمویان لەكارخستن.
لەساڵی (١٩٩٠ز) چەند پارتێكی جیاواز هەڵبژاردنێكیان ئەنجامداو پارتێكی سەرەكیی ئۆپۆزسیۆن كە بریتییە لە (الرابگە الوگنیە) زۆرینەی كورسییەكانی بەدەستهێنا، حكومەتی سەربازیی بەبیانوی ئەوەی هەتا دەستورێكی نوێی بۆ دانەنرێ رێگەنادات دەسەڵات بكەوێتە دەستی پارتی سەركەوتو، بۆیە هەرچی چالاكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی هەبو بەردەوام لەساڵی (١٩٩٣ز)ەوە بەگەڕخرا بۆ دانانی دەستوری نوێ.

• هەڵبژاردن‌و چاكسازی لەساڵی (٢٠١٠ز) تا ئێستا:
• راپرسی دەربارەی دەستور لە (١٠/5/٢٠٠٨ز) دەستیپێكرد بەوەی پەیمانیاندا بەدابینكردنی دیموكراتییەكی گەشاوە، هەروەها گۆڕینی ناوی وڵات بەڕەسمی لە (یەكێتیی میانمار)ەوە بۆ (كۆماری یەكێتیی میانمار)، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بەپێی دەستوری نوێ لەساڵی (٢٠١٠ز)، سەركەوتنی پارتی (التچامن والتنمیە الإتحادی)ی پاڵپشتیكراو لەلایەن دەسەڵاتی سەربازیی بەڕێژەی زۆرینەی لە(80%)ی دەنگەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لە(٧٧%)ی خەڵك بەشداریی هەڵبژاردنیان كردبو. چاودێران رۆژی هەڵبژاردنەكەیان بەگشتی بەهێمن ناوبرد، بەڵام زۆری نەبرد دەنگی تۆمەتی ساختەكاری لەچەند بنكەیەكی هەڵبژاردن بەرزبویەوەو دەوڵەتەكانی ڕۆژئاواو نەتەوەیەكگرتوەكان بەهەڵبژاردنێكی ساختە ناویانبرد.

• حكومەتی ناوخۆیی:
حكومەتی ناوخۆیی بۆرما دابەشبوە بەسەر (١٤) یەكەی بەڕێوەبردنی گەورەدا، ئەم یەكانە حەوت بەش و ویلایەت لەخۆئەگرێ، بۆرمییەكان گەورەترین پێكهاتەی دانیشتوانی بەشەكانی بۆرما پێكئەهێنن، لەكاتێكدا نەتەوە پێكهێنەرەكانی تر بەشێوەیەكی سەرەكی لەویلایەتەكاندا نیشتەجێن، هەروەها بەش و ویلایەتەكان خۆیان لەهەمان كاتدا بەسەر چەند یەكەیەكی بچوكتردا دابەشئەبن هەر یەكەیەكیش لەو یەكانە حكومەتی ناوخۆییەو لەلایەن ئەنجومەنێكەوە كە لەسوپاو مەدەنی‌و پۆلیسی ناوخۆیی پێكهاتوە، بەڕێوەئەبرێ.

• دادگا سەربازییەكان:
دادگا سەربازییەكان بەرزترین یەكەی دەسەڵاتی دادوەریی بۆرما، بەپێی دەستوری عورفی پێكئەهێنن‌و لەبچوكترین بابەت دەستوەردەدەن.

• هێزە سەربازییەكان:
ئەندامەكانی هێزی چەكداری لەسوپاو هێزی دەریایی‌و ئاسمانیدا ژمارەیان (٤٠٠) هەزار كەسەو لە (٩٠%)ی ئەوانەش لەسوپادان هەمویان خۆبەخشانە كارئەكەن، ژمارەی هێزی كاریگەری پۆلیسی نیشتیمانیی بۆرما نزیكەی (٥٠) هەزار كەس ئەبن، ئەوەی جێگەی سەرنجە تەنها یەك موسوڵمان لەم هێزە نیشتیمانییەدا بونی نییە.

• دانیشتوان:
ژمارەو رەگوڕیشەی دانیشتوانی بۆرما:
بەدانیشتوانی بۆرما ئەوترێت: بۆرمییەكان، زۆرینەیان لەسەر ئایینی بوزییەكانی (ماغ)ن، لەگوندەكانی چواردەوری دەلتاو ڕوباری ئەراوادوی نیشتەجێن.
لەبنچینەدا زۆرینەی بۆرماییەكان لەسەرەتادا لەناوچەی ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتون‌و رێژەی سێیەكی دانیشتوان پێكئەهێنن، پێكهاتەكانی تری بۆرما بریتین لە: (كارین، شان، ئەراكانیس، تشین، كاشین، مون، ناجا،...تاد). رێژەی (٧٥%)یان گوندنشینن‌و ئەوانی تر شارنشینن، هەروەها زۆرێك لەئەرەكانییەكان لەبنچینەدا عەرەبن‌و لەموسوڵمانەكانی: (یەمەن، نیمچەدورگەی عەرەبی، شام، عێراق‌و بەشێكی كەمیشیان فارسن)، هەروەها كۆمەڵێكی كەمیان لەبنچینەدا بەنگلادیشی‌و هندین. ئەم موسوڵمانانە بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چونەتە ئەرەكان‌و بەنگلادیشی دراوسێی.

• مێژوی موسوڵمانانی میانمار:
رێژەیەكی گەورەی موسوڵمانەكان كۆچیانكردوە بۆ سعودیە‌و ئیمارات‌و بەنگلادیش‌و پاكستان بەهۆكاری جینۆسایدكردنیان لەلایەن بوزییەكان‌و دەسەڵاتدارانی حكومەتی بۆرماوە.
ئێستاش موسوڵمانانی بۆرما لەم كۆمەڵگە نوێیانەدا روبەڕوی كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە ئەبنەوە، لەگرنگترینی ئاستەنگەكان: مافی خوێندن‌و چارەسەری پزیشكی‌و كاری ئاسایی بۆ خۆیان‌و مناڵەكانیان، جگە لەئاستەنگی مافی ژیان لەم دەوڵەتانەدا.
لەبۆرما (میانمار)دا ژمارەی دانیشتوان زیاتر لە (٥٥) ملیۆن كەسن‌و رێژەی موسوڵمانان لەكۆی ژمارەی دانیشتوان لە (١٥%) كەمترنییە، نیوەی ئەم ڕێژەیە لەویلایەتی ئەرەكانی خاوەن زۆرترین دانیشتوانی موسوڵمانە، ئەرەكان لەڕوی پێكهاتەی نەتەوەیی‌و ئاینزاوە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی جۆراوجۆری نەتەوەو ئاینزای جیاوازە، ئەم پێكهاتانە لەیەكێتیی بۆرمادا ئەگاتە زیاتر لە (١٤٠) رەگەزو نەتەوەی جیاواز، گرنگترین‌و زۆرترینیان بۆرمایین.
زۆرینەی دانیشتوانی میانمار بەزمانی بۆرمایی قسەئەكەن، بەمانەش ئەوترێت: بۆرمان، لەبنچینەدا سەر بەناوچەی تبتی چینن‌و هۆزێكی زۆر دڕو بەدخون‌و بیروباوەڕی بوزاییان هەیە، لەسەدەی شانزەی زایینیدا هاتونەتە وڵاتی میانمارو لەكۆتاییەكانی سەدەی هەژدەدا دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتدا گرتوەو بونەتە خانەدان‌و هۆزی دەسەڵاتداری بۆرما، دانیشتوانەكەی تری بۆرما بەچەند زمانێكی جیاواز قسەئەكەن، لەنێوانی ئەم پێكهاتانەدا كۆمەڵی ئەرەكانە كە لەبەشی باشوری بەرزاییەكانی ئەرەكانی بۆرمادا لەگەڵ پێكهاتەی كاشیندا ئەژین.
رێژەی موسوڵمانەكان زیاتر لە (٢٠%) دانیشتوانن، ئیسلام لەنێوانی پێكهاتەكانی: (شان، كاشین، كارین، شین، كایا، ركهاین‌و ماغ)دا بڵاوبۆتەوە، موسوڵمانان لەبۆرما بەڕۆهینجا ناسراون‌و دوەمین تیرەن لەدوای بۆرمان، ژمارەیان ئەگاتە زیاتر لە (١0) ملیۆن موسوڵمان‌و (٢٠%)ی دانیشتوانی بۆرمایە كە زیاتر لە (50) ملیۆن كەس دەبن، هەرچی ناوچەی ویلایەتی ئەرەكانە دانیشتوانەكەی (٥,5) ملیۆن كەسن، موسوڵمانان زیاتر لە (٤) ملیۆن كەس دەبن، واتە: لە (٧٠%)ی دانیشتوانی هەرێمی ئەرەكان پێكئەهێنن، سەرژمێرییەكان بەرامبەر موسوڵمانان بەویژدانەوە مامەڵەیاننەكردوە، شایانی باسە موسوڵمانان لەبۆرمادا هەژارترین پێكهاتەن‌و كەمترین مافی خوێندنیان هەیە.

• شارە گەورەكان:
پایتەخت: نایبیداو، (میینغ یان، مییتكیینا، میكتیلا، هنزادا، مولمین، مرجی، رانغونا، بسان، بوتاو)

• رۆشنبیری
زمانەكانی بۆرما:
زمانی فەرمی لەوڵاتی میانمار بریتییە لەزمانی بۆرما، هەروەها زۆرێك لەوانە بەزمانی ئینگلیزی قسەئەكەن، زۆرێك لەپێكهاتەكانی كە لەناوچەی گردو تەپۆڵكەكان ئەژین بەزاراوەی تایبەت بەخۆیان قسە ئەكەن، كۆی ژمارەی ئەو زمانانەی قسەی پێئەكرێ بریتین لە (١٠٧) زمان، ئەوەی شایانی باسە زمانی بۆرما لقێكی هاوبەشە لەگەڵ زمانی تبتیی چینی.

ئایین:لەبۆرمادا چەند ئاینزایەك هەن، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەكەی بیروباوەڕی بوزاییان هەیە، بەشێكی تری دانیشتوانەكەی ئایینی ئیسلامیان هەیەو لەناو شاری رانگۆن‌و شاری ماندلای‌و باكوری هەرێمی ئەرەكانن، بەدرێژایی باكوری هیند كۆبونەتەوە، (٨٩%)ی دانیشتوانی بۆرما بوزیین‌و (٤%) مەسیحین‌و (١%)ی بتپەرست‌و لە (١%)ی ئاینزای ترن كە بریتین لەئیحیائیەو ئایینی چینی شەعبی.

• خوێندن‌و فێركردن:
لەوڵاتی بۆرمادا ئەو كەسانەی خوێندن‌و نوسین ئەزانن بەگشتی رێژەی لە (٨٠%)ی دانیشتوان پێكدەهێنن، منداڵ لەتەمەنی (٥-٩) ساڵی بەفەرمانی حكومەت ئەبێت بخوێنێت، زۆربەی زانكۆكان كەوتونەتە شاری رانجون‌و ماندلای، بەگشتی لەناو بۆرما (١٠١) زانكۆو (١٤٦) پەیمانگەی خوێندنی باڵا هەیە.

• جوگرافیای وڵاتی بۆرما:
بەگشتی بۆرما دابەشئەبێت بۆ سێ بەشی سەرەكی:
1. زنجیرە شاخەكانی رۆژهەڵاتی
2. پشتێنەی چیای رۆژئاوایی
3. پشتێنەی ناوەند

• روبارەكانی:
روباری ئیراوادی درێژترین روبارە لەناو بۆرمادا، بەجۆرێك درێژییەكەی نزیكەی (٢١٧٠كم) ( ١٣٤٨میل) لەڕۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا بەناوەڕاستی وڵاتداو بەناو زەوییەكی تەخت‌و بەریندا ئەڕوات‌و ئەڕژێتە كەنداوی (martaban).

• مافی مرۆڤ لەبۆرما:
مافی مرۆڤ لەوڵاتی بۆرمادا جێگەی نیگەرانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤە، دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییە گەورەكان‌و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ چەندین جار بەیاننامەیان دەربارەی پێشێلكردنی بەرفراوانی مافی مرۆڤ لەبۆرما بڵاوكردۆتەوە.
كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان چەند جارێك لەنۆڤەمبەری ساڵی (٢٠٠٩ز) ئەنجومەنی سەربازیی بۆرمای ئاگاداركردۆتەوە كە رێزی مافی مرۆڤ بگرێت.
لەبەر ئاساییبونەوەی بەكارهێنانی توندوتیژی جنسی وەكو هۆكارێك بۆ دەسەڵات گرتنەدەست، ناوبانگی سوپای زۆر ناشیرینكردوە، چونكە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو سوپا دەستدرێژیئەكاتە سەر ئافرەتانی موسوڵمان، حكومەتی بۆرما بەتەواوی دەزگایەكی داپڵۆسێنەرەو هەمو مافەكانی مرۆڤی پێشێلكردوە، راپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤ بۆ ئازادی لەجیهاندا رایگەیاندوە كە ئەنجومەنی سەربازیی بۆ ماوەیەكی زۆرە دەسەڵاتی وڵاتی بەفەرمانێك گرتۆتەدەست‌و سەرپەرشتیی هەمو دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن‌و یاسادانان‌و بڕیاردانی ئەكات، ئەو بەرپرسی پێشێلكردنی مافی مرۆڤە، هەروەها ئەم هەستاوە بەساختەكاری لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی (٢٠١٠) دا كە نەخاوێن و نە ئازادبو، لەوڵاتدا نزیكەی (٢١٠٠) زیندانی سیاسی هەیەو لەو ژمارەیە (٤٢٩) زیندانییان لەئەندامانی پارتی (الرابطة الوطنية للدمقراطیة)، ئەو پارتەش لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی (١٩٩٠ز)دا سەركەوتوبو.
كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان پرۆژە بڕیارێكی دەركرد تێیدا بەتوندی ئیدانەی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی مافی مرۆڤ‌و ئازادییە بنچینەییەكانی مرۆڤی كردوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوایانلێكردوە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لەپێشێلكردنی زیاتری مافی مرۆڤ‌و یاسا نێودەوڵەتییەكان.
كۆدەنگی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر ئەوەی ئەنجومەنی سەربازیی بۆرما یەكێكە لە گەورەترین داپڵۆسێنەرەكانی جیهان، بەجۆرێك هیچ دادگایەكی سەربەخۆ لەبۆرمادا بونی نییە، كاری گران‌و كڕین‌و فرۆشتن بەمرۆڤ‌و ئیشكردن بەمنداڵ لەسیما دیارەكانی ئەم كۆمەڵگەیەن.

• دابەشبونی كارگێڕیی بۆرما:


• هەرێمەكانی بۆرما:
بۆرما دابەشئەبێت بۆ حەوت ویلایەت‌و حەوت ناوچە، بەگشتی (١٤) ویلایەت‌و ناوچەی بەڕێوەبەرییە.

• چیرۆكی چەوساندنەوەی موسوڵمانانی بۆرما:
سەرەتا ئیسلام لەڕێگەی ئەو دەریاوان و بازرگانانەی لەسەدەی هەشت‌و نۆی زایینیدا چونەتە ئەرەكان، بڵاوبۆتەوە، بەڵكو لەئەرەكان دەوڵەتی ئیسلامی بۆ ماوەی (٣٥٠) ساڵ لەنێوانی (١٤٣٠-١٧٨٤ز) دامەزراوەو لەو ماوەیەدا (٤٨) پادشاو سوڵتانی ئیسلامی حكومیانكردوەو یاسای شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێكراوە, یەكەم پادشای موسوڵمان لەئەرەكان حوكمیكردوەو سلێمان شا بوە، هەروەها بەمەرجگیراوە ئەبێت سوڵتان هەڵگری بڕوانامەی زانستە ئیسلامییەكان بێت، وە وشەی (لا إله إلا الله محمد رسول الله)و ئایەتی [أَنْ أَقِیمُوا الدِّینَ] الشوری: 13. لەسەر سكەو دروشمەكانی دەوڵەت هەڵكەندرابو.
لەكاتێكدا بوزییەكانی ناوچەی تبتی چین لەسەدەی شانزەدا هاتونەتە وڵاتی بۆرماو لەكۆتاییەكانی سەدەی هەژدەیەم بەیارمەتیی ئیستیعماریی ئینگلیزی دەسەڵاتیان لەوڵاتی بۆرما گرتۆتەدەست، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە هەر لەسەرەتاوە كەوتونەتە دژایەتیكردنی موسوڵمانەكان‌و بێبەشكردنیان لەسەرەتاترین مافی ژیان.
هەرچەندە موسوڵمانان لەدوای بوزییەكان گەورەترین ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكئەهێنن بەژمارەی (١٢) ملیۆن كەس، واتە: نزیكەی (٢٠%)ی دانیشتوان، كە كۆی دانیشتوانی بۆرما نزیكەی (٥٥) ملیۆن كەس دەبن.
لەم وڵاتە پانوبەرینەدا تەنها یەك موسوڵمان لەسوپای بۆرما كە نزیكەی (٤٠٠) هەزار كەسە، بونی نییەو تەنانەت لەناو پۆلیس‌و دەزگا مەدەنییەكانیشدا موسوڵمان بۆی نییە پاسەوانی دەروازەی هیچ فەرمانگەیەك بێت.
موسوڵمانان لەو مافە زۆر سەرەتاییە كە بریتییە لەپێكهێنانی هاوسەرگیری وەكو هاوڵاتییەكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێ، بەڵكو ئەبێت كوڕ لەتەمەنی (٣٠) ساڵی‌و كچیش لەتەمەنی (٢٥) ساڵیدا پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامبدات. موسوڵمانان ئەگەر سەرپێچی ئەم یاسایەی هاوسەرگیری بكەن، سزاكەی بریتییە لەهەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیرییەكەو زیندانیكردنیان بۆ ماوەی شەش مانگ‌و (٥٠) هەزار كیاتی –پارەی بۆرمی- وەك سەرپێچی سزائەدرێن.

• یەكێكی تر لەنیگەرانیی بوزییەكان هاتوچۆو كۆبونەوەو بونی مزگەوتی موسوڵمانانی بۆرمایە:
بەشێوەیەكی سەیر یاسای بۆ سازدراوە، بۆنمونە هیچ كەسێك لە موسوڵمانان بۆی نییە سەردانی شارو قەزاو ئەو ناوەندانە بكات كە زۆرینەی موسوڵماننشینە تەنها بۆ ماوەی (٢٤) كاژێر نەبێت. ئەگەر بێت‌و زیاتر بمێنێتەوە ئەوا ئەبێت بچێتە شوێنی پەیوەندیدارو كاتی مانەوەكەی نوێبكاتەوە.
لە وڵاتێكدا مرۆڤەكان بەپێی ڕەگەز جیاوازی لەنێوانیاندا بكرێت، هیچ نامۆنییە ئەگەر پێمانبڵین: لەمیانماردا هەركەسێك كارتی سوری پێبو تەنها ئەو كەسە لەبنچینەدا بۆرمییەو ئەوانیتر پلە دوو سێ‌و چوارن، ئەو كەسانەی پلەی چوارەمن بریتین لەزۆرینەی موسوڵمانان كە مافی چارەسەری نەخۆشەكانیان لەنەخۆشخانەكانی دەوڵەتدا نییە، بەڵكو ئەبێت لەسەر ئەركی تایبەتیی خۆیان بێت، بۆیە بۆ نزیكەی (١٢) ملیۆن كەس تەنها نزیكەی (١٠٠-٢٠٠) پزیشكی موسوڵمان هەیە، ئەمەش دیارە رێژەیەكی ئێجگار كەمە.
هەروەها هاوڵاتی پلە چوار بۆی نییە تەنانەت نوسینگەی وێنەگرتن بكاتەوە، ئەگەر بێت‌و كەسێك بیەوێت نوسینگەیەكی وێنەگرتن بكاتەوە ئەوا ئەبێت كەسێكی بەڕەگەز بۆرمی‌و هاوڵاتی پلە یەك پشتگیریلێبكات.

• ئاماری چەوساندنەوەو لەناوبردنی موسوڵمانانی بۆرما:
1. پاشا (بودابای)ی بوزی لەساڵی (١٧٨٤ز) هەستا بەلكاندنی هەرێمی ئەرەكانی موسوڵمان بەدەوڵەتی میانمارەوە لەترسی بڵاوبونەوەی ئیسلام لەناوچەكەدا.
2. لەساڵی (١٨٢٤ز) داگیركاری بەریتانی هەستا بەداگیركردنی میانمارو لێكدانی لەگەڵ حكومەتی هندیی بەریتانی، دواجار لەساڵی (١٩٣٧ز) بەریتانیا میانمارو هەرێمی ئەرەكانی كردە موستەعمەرەیەكی سەربەخۆی جیاواز لەهیندی بەریتانیا، هەروەك موستەعمەرەكانی تری بەریتانیا لەوكاتەدا.
3. موسوڵمانەكان روبەڕوی داگیركاری بەریتانییەكان بونەوە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی بەریتانییەكان لەدەسەڵاتی خۆیان بترسن، پاشان كەوتنە نانەوەی دوبەرەكی لەنێوان بۆزی‌و موسوڵمانەكانداو سەرئەنجام لەقەسابخانەیەكدا لەساڵی (١٩٤٢ز) (١٠٠) هەزار لەموسوڵمانان بەدەستی بوزییەكان لەناوبران.
4. لەساڵی (١٩٣٨ز-١٣٥٦هـ) كاتێك بۆرما دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری (الحكم الذاتی) لەلایەن بەریتانیاوە وەرگرت، یەكەم كارێك بوزییەكان پێیهەستان كوشتن‌و راوەدونانی موسوڵمانان بو لەتەواوی بۆرمادا، سەرەنجام زیاتر لە (٥٠٠) هەزار كەس لەموسوڵمانانی دانیشتوانی میانمار ئاوارەبون.
5. كۆچكردنی موسوڵمانەكانی بۆرما بۆ وڵاتە ئیسلامییەكان لەترسی پاراستنی ئایینەكەیان‌و ئەو هەڵمەتە دڕندانەیەی لەلایەنی بوزییەكانەوە روبەڕویبونەوە، بەگشتی هەتا ئێستا بەشێوەیەكی بەرفراوان موسوڵمانان چوار جارو لەچوار مێژوی جیاوازدا توشی راگواستن‌و راوەدونان بونەتەوە، وەك ساڵەكانی (١٩٤٨، ١٩٥٨، ١٩٧٨، ١٩٩١ز)، تەنها لەوڵاتی سعودیە نزیكەی (٥٠٠) هەزار ئاوارەی ئەرەكانیی موسوڵمانی لێیە.
6. دوای سەربەخۆیی میانمار، هێزی سەربازی بۆرمی هێرشیكردە سەر گوندەكانی موسوڵمانان‌و ژمارەیەكی زۆر ماڵیان سوتاندن‌و نزیكەی (٣٠) هەزار كەسیان ئاوارەكردن، بەهۆكاری پشكنینی گوزەرنامەی دانیشتوان هێزی سەربازیی بۆرما (١٣) هەڵمەتی سەربازیی گەورەی كردوە بۆ سەر دانیشتوان، سەرئەنجام كاولكارییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو لەو ماوەیەدا زیاتر لە (٣٠٠) هەزار موسوڵمان ئاوارەی بەنگلادیش بون، لەو رێژەیەش (٤٠) هەزار كەسیان كە زۆربەیان منداڵ‌و پیرو ئافرەت بون، لەڕێگەی ئاوارەیی‌و تاراوگەو ناو دەریادا مردون.
7. لەبۆرمادا نزیكەی (٢٥٦6) مزگەوت‌و زیاتر لە (١٠٩٥) قوتابخانەو زانكۆی ئیسلامیی موسوڵمانان هەبون، لەو رێژەیە (١٥٣٨) مزگەوت‌و (٤٠٥) قوتابخانەو زانكۆ تەنها لەناو هەرێمی ئەرەكاندا بون دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بوزییەكانەوە ژمارەیەكی زۆر كەمی مزگەوت ماونەتەوەو زۆربەیان تەقینراونەتەوەو سوتێنراون یان دەرگاكانیان داخراون.
8. موسوڵمانان مافی سەربڕینی وڵاخ‌و ئاژەڵیان نییە بۆ هیچ یەكێك لەجەژنەكان، چونكە دەسەڵاتی میانمار بەتایبەتی قەشە بوزییەكان ئەمە بەسەربڕینی خوداكانی خۆیان ئەزانن.
9. ئەو كەسانەش لەدەستی دەسەڵاتدارانی میانمار رزگاریانبوە، شەپۆلەكانی دەریا‌و برسێتی‌و نەخۆشی، ژمارەیەكی تری لێكردونەتە قوربانی.
10. لەو وڵاتانەی ئەم موسوڵمانانەی رۆهینج ئاوارەن تێیدا، مافی خوێندن‌و كاركردنیان نییەو بەهاوڵاتی ئەژمارناكرێن، ئەم شوێنەش بۆ ئاوارەكان بۆتە دۆزەخێكیتر.
١١. نەتەوەیەكگرتوەكان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بەناومافی مرۆڤ، هەڵوێستیان تەنها بەنیگەرانی دەردەبڕن‌و هەتا ئێستاش بەهیچ شێوەیەك هەنگاوێكی كردارییان بۆ وەستاندنی ئەم قەسابخانەیە نەگرتۆتەبەر.
١٢. لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٠ز)یەوە بارودۆخی موسوڵمانان هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە، بەڵكو پلانی بەردەوام هەیە بۆ راوەدونانیان، ئەم پلانەش لەدوای هەڵبژاردنەوە بۆتە هۆی دەرپەڕاندن‌و ئاوارەكردنی زیاتر لە (٣-٤) ملیۆن موسوڵمان لەو وڵاتەدا.
١٣. منداڵی موسوڵمانانی رۆهینج كاڵایەكی هەرزانن بۆ كۆیلایەتی‌و چەوساندنەوە، چارەنوسیان لەژێر چنگی تاقمە خراپەكارەكاندایەو هەركاتێك بێت ئەكەونە داوی بازرگانیكردنی لەشفرۆشی‌و خراپەكارییەوە.
لەكۆتاییدا تەنها موسوڵمانان لەگەڵ ژیاندان‌و مرۆڤدۆستن‌و بەدرێژایی مێژویان چەندین كەمینە بەئازادی‌و بەخۆشی لەژێر دەسەڵاتیاندا ژیاون‌و پەیڕەویی ئایینی خۆیانیان كردوە.

ئا: سۆرانی حاجی فایەق 

ليست هناك تعليقات:


نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *