خێزانی شەشەمی پێغەمبەرى خوا(صلى الله علیه وسلم): خاتوو هِنْدُ یان أم سەلەمە(ڕەزاى خواى لێ بێت)


ـ خێزانی شەشەمی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) خاتوو (هِنْدُ بِنْتُ أَبِی أُمَیَّة)یە، دایكیشی ناوی (عاتكة بنت عَامِر)ە.
ـ خاتوو هیند خزمی پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) خۆی بووە، بە حەوت پشت نەسەبی لەگەڵ نەسەبی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) یەك دەكاتەوە.


ـ باوكی خاتوو هیند ئەوەندە پیاوێكی بەخشندە بووە هەركەسێك لەگەڵی سەفەری كردبێت بۆ هەر شوێنێك هیچ توێشووی لەگەڵ خۆی نەبردووە و ئەو هەموو ئەرك و خزمەتێكی هاوەڵەكانی گرتووەتە ئەستۆ، هەر بەو هۆیەیشەوە لە ناو عەرەبدا نازناوی بە (زاد الرَّاكِب) واتە: توێشوی رێبواران دەركردبوو.
ـ بەر لە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) خاتوو هیند خێزانی ئامۆزایەكی خۆی بووە بە ناوی(عَبْدُ اللّهِ بْنُ عَبْدِ الَاَسَدِ) و ئەو پیاوە بەڕێزە برای شیریی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) و پورزایشی بووە، یازدەهەمین كەس بووە كە باوەڕی بە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) و ئایینی پیرۆزی ئیسلام هێناوە، لە بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییەیان خوای پەروەردگار منداڵێكیان پێ دەبەخشێت ناوی دەنێن (سَلمَة) و ئیتر خاتوو هیند و عەبدوڵڵای هاوسەری وەكو نەریتێكی كۆمەڵایەتی ئەو كاتە بە (أُمُّ سَلمَة) و (أَبُو سَڵمَة) دەناسرێن.
ـ خاتوو (أُمُّ سَلمَة) و (أَبُو سَلَمَة)ی هاوسەری یەكێك بوون لەو خانەوادانەی كە هەر لەسەرتاوە باوەڕیان بە بەرنامەی پیرۆزی ئیسلام هێناوە، لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە و كۆچیان كردووە بۆ حەبەشە، پاشتر كە لە حەبەشە گەڕاونەتەوە تووشی نەهامەتیەكی زۆر هاتوون بەدەست بێباوەڕانی مەكەوە، پاشتر ویستویانە كۆچ بكەن بۆ مەدینە، خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: كاتێك لەگەڵ هاسەرەكەم بڕیاری كۆچكردنمان دا بەرەو مەدینە، خزمەكانی من رێگەیان بە هاوسەرەكەم گرت و وتیان: ئەوە خۆت كۆچ دەكەیت بەهەر حاڵ دەسەڵاتی تۆمان نییە، بەڵام پێمان ناڵێی ئەم كچەی ئێمە شارە و شار دەگێڕی لە پای چی، پاشتر جڵەوی وشترەكەیان كردەوە و من و كوڕەكەمیان گل دایەوە، كە خزمەكانی هاوسەرەكەم بەمەیان زانی ئەوانیش توڕە بوون و وتیان: چۆن ئەوان نەیانهێشتووە كچەكەیان لەگەڵ كوڕەكەی ئێمە بڕوات، ئێمەش قبوڵ ناكەین منداڵی ئێمە لای ئەوان بێت، هاتن كوڕەكەم لێ بسەننەوە، بووە دەمەقاڵە و دەمە بۆڵەیان لەگەڵ كەس و كاری من و لەو كێشمان كێشەدا دەستی كوڕەكەیان لە جێ بردم، بەهەر حاڵێك بوو كوڕەكەیان لێ سەندمەوە، منیش هەموو رۆژێك بەیانیان دەهاتمە دەرەوەی ماڵەكەمان و دەستم دەكرد بەگریان هەتا ئێوارە خۆر ئاوا دەبوو، بۆ ماوەی یەك ساڵ من لەسەر ئەو حاڵە مامەوە، تا رۆژێكیان ئامۆزایەكم سۆزی جوڵاو بەزەیی بە حاڵمدا هاتەوە وبە كەس و كارەكەمی وت: بۆ وا لەو بەستەزمانە دەكەن و لە منداڵ و هاوسەرەكەیتان كردووە؟ پاشان كەس و كارەكەم قەناعەتیان كرد و وتیان: ئەگەر دەتەوێت بڕۆ بۆ لای هاوسەرەكەت، خزمەكانی هاوسەرەكەیشم كە ئەمەیان بیست كوڕەكەیان بۆ گێڕامەوە، پاشتر بەتەنیا لەگەڵ كوڕەكەم كۆچمان كرد بۆ مەدینە، وەك زانایان باس دەكەن یەكەم ئافرەت بووە كە كۆچی كردووە بۆ مەدینە.
ـ پاشتر (أَبُو سَلَمَة) لە غەزای ئوحوددا بە خەستی بریندار دەبێت، بەهۆی خەستی برینەكەیەوە پاش ماوەیەك شەهید دەبێت، خاتوو (أُمُّ سَلمَة) لە ساڵی چواری كۆچی و لە تەمەنی سی ساڵیدا بە چوار منداڵەوە بێوەژن دەكەوێت.
ـ پاش بێوەژنكەوتنی خاتوو (أُمُّ سَلمَة) ئەبوبەكری صدیق و عومەری كوڕی خەتابیش (رەزای خوایان لێ بێت) داوای دەكەن، بەڵام شوو بە كەسیان ناكات، پاشتر پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) داوای دەكات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئەی پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) من هاوشانی تۆ نیم، من كۆمەڵێك سیفەتم تێدایە كە بۆ تۆ ناشێم: یەكەم: من ئافرەتێكم چومەتە ساڵەوە و تەمەنێكم هەیە، دووەم: بڕێك منداڵیشم هەیە، سێیەمیش: ئافرەتێكی زۆر هەستیاریشم و غیرە لە ئافرەتی تر دەكەم و دەترسم هەڵوێستێكم لێ ببینی و پێت ناخۆش بێت و پاشتر خوا بەهۆی ئەوەوە سزام بدات، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) لە وەڵامی قسەكانیدا فەرمووی: {أَمَا السِّنُّ فَأَنَا أَكْبَرُ مِنْكِ، وَأَمَّا الَاَطْفَالُ فَهُمْ إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ، وَأَمَّا الْغَيْرَةُ فَأَدْعُو اللَّهَ فَيُذْهِبُهَا عَنْكِ}.
ئەگەر كێشەكە تەمەن و بەساڵاچوون بێت ئەوە من لە تۆ بەساڵاچووترم، سەبارەت بە منداڵەكانیش ئەوە خواو پێغەمبەر لێیان بێئاگا نابن و لە ژێر چاودێری ئەواندا دەبن، سەبارەت بەوەش كە زۆر غیرە دەكەیت ئەوە داوا دەكەم لە خوای گەورە كە ئەو شتە لە دڵتدا لا ببات.
ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) لە كۆتاییەكانی مانگی شەووالی ساڵی چواری كۆچی ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو (أُمُّ سَلمَة)دا دەست پێكردووە، بەم شێوەیەیش خاتوو(أُمُّ سَلمَة) دەبێتەوە خێزانی چوارەمی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم)، لەبەر ئەوەی كاتێك پێغەمبەری خودا (صلى الله علیه وسلم) خاتوو (أُمُّ سَلمَة)ی خواستووە، خاتوو زەینەبی كچی خوزەیمە لە ژیاندا نەماوە و لە جێگەكەی خاتوو زەینەب خاتوو (أُمُّ سَلمَة) نیشتەجێ دەبێت.
ـ خاتوو (أُمُّ سَلمَة) ئافرەتێكی زۆر جوان و ژیر و بیرتیژ بووە، شارەزاییەكی باشیشی هەبووە لە بابەتە فیقهی و شەرعییەكاندا، لە ماوەی تەمەنی پڕ لە فەڕیدا سێسەد و حەفتا و هەشت فەرموودەی لە پێغەمبەری خوداوە (صلى الله علیه وسلم) گێڕاوەتەوە، كە بوخاری و موسلیم لە سەر گێڕانەوەی سیازدەیان كۆك بوون.
ـ وەك زانایانی فەرموودە و مێژوونووسان باس دەكەن خاتوو (أُمُّ سَلمَة) نزیكەی هەشتا و نۆ ساڵ ژیاوە، پاشتر لە ساڵی شەست و یەكی كۆچی و پاش هەموو خێزانەكانی پێ لە سەردەمی فەرمانڕەوایی یەزیدی كوڕی موعاویە، پاش ئەوەی كە هەواڵی شەهیدكردنی حسەینی كوڕی عەلی و هاوەڵەكانی پێدەگات دەكەوێتە سەر زەوی و لەهۆش خۆی دەچێت و پاش چەند رۆژێك كۆچی دوایی دەكات، تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی بەقیع بەخاك دەسپێردرێت.


سەرچاوە: كتێبی (رەواندنەوەی گومانەكان)
نووسینی: دكتۆر خالید موحەممەد ساڵح

ليست هناك تعليقات:


نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *