چۆن مامەڵە لەگەڵ خێزانمدا بکەم؟ لەکاتێکدا من حاڵەتی توڕەبونم هەیە!

بێگومان ژیانی خێزانداری یەکێکە لەسوننەتە گەورەکانی پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام دەبێت ئێمەش چاو لەوان بکەین وەك سەر مەشق تا بزانین چۆن توانیویانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموو خێزانەدا بکەن نەك یەك دانە کە ئێستا بەهۆی دوورکەوتنەوەمان لەو سەرمەشقانە نازانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ) (الروم:٢١)
واتە: یه‌کێك له‌ نیشانه‌و به‌ڵگه‌کانی تری خوا ئه‌وه‌یه‌: که‌ هه‌ر له‌ خۆتان هاوسه‌ری بۆ دروست کردوون بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بگرن له‌لایداو له‌ نێوانتاندا خۆشه‌ویستی و سۆزو میهره‌بانی فه‌راهه‌م هێناوه‌، به‌ڕاستی ئا له‌و دیاردانه‌دا نیشانه‌و به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ بۆ که‌سانێك بیرده‌که‌نه‌وه‌و تێده‌فکرن.
کەوابو خوای گەورە کاتێك باس لە زەواج دەکات باس لەخۆشەویستی و سۆزو میهرەبانی دەکات، ئافرەت شو ناکات بۆ ئەوەی ژیانی بۆ دابین بکرێت بەتەنها لە ڕوی مادی یەوە بەڵکو شودەکات تا لەڕوی مەعنەویشەوە مورتاح بێت و کەسێك هەبێت بتوانێت بە شێوەیەکی گشتی نهێنیەکانی خۆی لا باس بکات و لەژێر سێبەری پیاوێکدا بحەسێتەوە برا بەڕێزەکەم ،دەیەوێت پیاوەکەی هاودەم و گوێگری بێت بۆ غەمەکانی نێو دڵی ،هەرکات بەڕێزتان گوێتان گرت بۆ موعاناتی خێزانت و هەمیشە قسەی خۆتت زاڵ نەکرد بەسەریدا ئەوە تۆ دەبیتە باشترین کەسێك کە هەرگیز نهێنیەکانی خۆی لای کەسی تر بێ لە تۆ نادرکێنێت!.
وە شەرتیش نییە هەمیشە وتەکانیت بەدڵ بێت، بەڵکو دەبێت زۆر بە ووریایانەو بەحیکمەتانە هەڵەکانی بۆ ڕاست بکەیتەوەو ڕێگای ڕاستی پیشان بدەیت، جار جارەش گەر زانیت سەرپێچیەکەی دەچێتە ڕیزی نافەرمانی خواو پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم ، ئەوە دەبێت لەڕێی توڕەیی خۆتەوە بۆی ڕاست نەکەیتەوە بەڵکو دەبێت بەپێی بەڵگەکانی قورئان و سوننەت و ووتەی زانایان لەوبارەوە هەڵەکەی بۆ ڕاست بکەیتەوە،بەشێوەیەك کەوا لە جیاتی ترسی تۆ، ترسان و لەخوا ترسانی بۆ دروست بکەیت، ئەگەر واتان کرد ئیتر تۆ پێویست ناکات لەخێزانت بترسیت، چونکە هەمیشە تۆ لای خێزانت نیت تا ئاگات لێی بێت!.
بەڵام هەمیشە خوای گەورە چاودێرە بەسەر بەندەکانی یەوەو ، ئەویش بەو هۆیەوە خۆی دەپارێزێت لە کارو کردەوەی ناشەرعی و تۆش و ئەویش ئاسودە دەبن لە ژیانتاندا!
ئەگەر بەو شێوەیەش سودی نەبو لەپاش ئامۆژگاری کردنی ئەوە هەوڵدەدەیت مامەڵەت بگۆڕیت بەجیا کردنەوەی جێگەی خەو لێی لەماڵی خۆتدا نەك خەڵکی پێتان بزانێت و دەبێت هەتا دەتوانیت نەیەڵیت کەسی سێ یەم بێتە نێوانتان، چونکە کەسەکە گەر کەسوکاری تۆ بێت ئەوە پشتگیری تۆ دەکات، وە ئەگەر کەسوکاری خێزانت بێت ئەوە پشتگیری خێزانت دەکات، بەڵکو گەر ویستان کێشەیەك چارەسەر بکەن بە ویستی هەردووکتان کەسێکی دادپەروەرو چاك کە هەردووکتان لێی ڕازی بن با بێتە نێوانتان و قسەی خێر بکات لەسەر کێشەکەتان!. بەڕاستی برام جیاکردنەوەی جێی نوستن چەندێك بۆ پیاو ناخۆشە ئەوە چەندین قات بۆ ئافرەت ناخۆشترە، چونکە پیاو بەهۆی چونە دەرەوەی لەگەڵ کەسانی تردا مامەڵە دەکات و کێشەکەی لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئافرەت زۆر لەسەر دڵی تەنگەو گەر بش زانێت پیاوەکەی زۆری بۆ دێنێت ئەوە خۆی پێ ناگیرێت و یان دێتەوە لای هاوسەری و پەشیمان دەبێتەوە لەو ناشەرعیەی کە کردویەتی یان ئیتر ژیانی خراپتر دەبێت!.
پاشان بەوەش گەر سودی نەبو هەر بەردەوام بو لەسەر کاری ناشەرعی و گوێڕایەڵی هاوسەری نەبو ئەوە گەر ویستتان لێی بدەن دەبێت بەشێوەیەك بێت کە تەنها وەك ووریا کردنەوە بێت نەك ئازار پێگەیاندنی و دەست نیشانکردن لە لاشەی داو ، ئەمە پێچەوانەی شەرعەو سنورتان بەزاندوە!.
ئەگەر ئەمەش سودی نەبو ئەوە ئەوکات کۆتا مەرحەلە بەکار دەهێنرێت کەوا دوو کەسی باش لە خزمانی هەردوولا دێن و کەسی خێزانت قسە لەگەڵ تۆدا دەکات و کەسی تۆش لەگەڵ خێزانتدا قسە دەکات ، تا سوڵحی نێوانتان بکات ئیتر گەر نەگەشتنەوە یەك ئەوا دیارە ئەم ژیانی خێزانداریە سەرکەوتو نی یە خوای گەورەش زاناترە لەو بارەیەوە.
کەوا بو برا گیان نابێت هەندێك ووتە کەبزانن دەبێتە گەرد لەسەر دڵی خێزانت ، وەك تەعلیق لێدان یان وتنی ئەوەی ماس ڕەشە هەر دەبێت ڕەش بێت !، بەڵکو ماست کە سپی بو نابێتە ڕەش، واتە شەرت نییە بەردەوام تۆ لەسەر حەق بیت ، بەڵکو زۆر ئاساییە کە هەڵەت کرد داوای لێبوردنی لێبکەیت، دڵنیابە ئافرەت بەهۆی سۆزیەوە هیچی لەدڵدا نامێنێت و زیاتر خۆشەویست دەبن لای نەك بڵێن : بەخوا لەخۆی بایی دەبێت!.
دەبێت تۆ ئەو فێری ئەوە بکەیت کە هەرکات هەڵە بکات داوای لێبوردنتان لێبکات ، ئەمەش گەر خۆت ئەنجامی نەدەیت چاوەڕوانی ئەو مەبە!. کەوابو ژیانی خێزانداری بەتێگەشتن و گفتو گۆو ڕێك کەوتنی نێوانی هەردولا بەشێوەیەك کە گوێ بۆ ئازاری یەك بگرن و ڕێز لە ڕاو بۆچونی یەك بگرن و خێزانت تەداخول نەکات لەکاری دەرەوەتدا وە بەڕێزیشت لەکاری ناوماڵیدا بەتایبەتی شت و مەکی ناوماڵ زیادە ڕەوی مەکە لە بەرامبەریدا، ئەوە زۆر بەئاسانی چارەسەر دەبێت کێشەکانتان ، نەك بەزاڵ کردنی ڕای خۆمان لەشتانێکدا کەوا تەنها لایەنی نەفسەو پەیوەندی بەشەرعەوە نی یە!.
خوای پەروەردگار ژیانی بەڕێزتان و سەرجەم مسوڵمانان بەختەوەر بکات و تەبایی و یەك ڕیزی بخاتە نێوانتانەوە!.

لەگەڵ ڕێزی براتان: باوکی ئەسماء

ليست هناك تعليقات:


نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *