خێزاني دووهمى پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم): خاتو سەودە (ڕەزای خوای لێ بێت)
وەفاتی خاتوو خەدیجە (رەزای خوای لێبێت)، بۆشاییەكی گەورەی لە ژیانی پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) دروست کرد، چونكە بە وەفاتی ئەو، پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) كەسێكی زۆر خۆشەویست و دڵسۆزێكی بێوێنە و پشتیوانێكی بەئەمەكی لەدەستدا، كە هەر لەسەرەتای بانگەوازەوە هاودەم و هاوخەمی بوو,
لێبڕاوانە خۆی ماڵ و منداڵ و سەروەتی خستبووە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بانگەواز و ئایینەكەیەوە.ـ ئەمە جگە لەوەی كە لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە خاتوو خەدیجە پاش وەفاتی خۆی، شەش منداڵی بێكەسی بۆ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)بەجێ هێشت، كە چواریان كچ بوون، پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەبەر سەرقاڵی بەكاری بانگەوازەوە نەیدەتوانی وەكو پێویست بەدەمیانەوە بێت و نازیان بكێشێت.ـ
لێبڕاوانە خۆی ماڵ و منداڵ و سەروەتی خستبووە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بانگەواز و ئایینەكەیەوە.ـ ئەمە جگە لەوەی كە لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە خاتوو خەدیجە پاش وەفاتی خۆی، شەش منداڵی بێكەسی بۆ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)بەجێ هێشت، كە چواریان كچ بوون، پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەبەر سەرقاڵی بەكاری بانگەوازەوە نەیدەتوانی وەكو پێویست بەدەمیانەوە بێت و نازیان بكێشێت.ـ
پاش ماوەیەك لە كۆچی دوایی خاتوو خەدیجە، لە ژێر فشاری بێنەوایی و بێنازی منداڵەكانیدا و سەرقاڵی خۆی بەكاری بانگەوازەوە، بۆ جاری دووەم بڕیاری ژیانی هاوسەرگیرییەكی نوێ دەدات، خێزانی دووەمی ئافرەتێك بووە بە ناوی خاتوو: (سوودەُ بنتُ زَمْعَەَ بن قَیْسِ بن عَبْدِ شَمْسِ بن عَبْدِ وُدِّ). دایكیشی ناوی (الشَّمُوس بنت قَیس بن زید) بووە. ـ بەر لە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)، خاتوو سەودە خێزانی ئامۆزایەكی خۆی بووە بە ناوی (السّكْرَانِ بْنِ عَمْروو بْنِ عَبْدِ شَمْسِ) لەو هاوسەرگیرییەی شەش منداڵی هەبووە.
خاتوو سەودە یەكێك بووە لەو باوەڕدارانەی كە هەر لەسەرەتای بڵاو بونەوەی دەنگۆی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە باوەڕی بە بانگەوازەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئایینی پیرۆزی ئیسلام هێناوە، لەو پێناوەشدا تووشی ناڕەحەتی و چەوسانەوەی زۆر هاتووە، لەگەڵ مێردەكەی و چەندین باوەڕداری تر بە ناچاری مەككەیان بەجێ هێشتووە و بەرەو حەبەشە كۆچیان كردووە.ـ پاش ماوەیەك و كاتێك بیستیان كە بێباوەڕانی قوڕەیش دەستیان لە ئازاردان و چەوسانەوەی باوەڕداران هەڵگرتووە، لەگەڵ مێردەكەی و چەندین باوەڕداری كۆچكردووی تر گەڕانەوە شاری مەككە، لەمەككەدا هاوسەرەكەی وەفاتی كرد و ئەمیش بە شەش منداڵەوە بێكەس و بێلانە ماوەتەوە.
پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) وەكو وەفادارییەك بۆ بەئەمەكی و لێبڕاوی خاتوو سەودە، لەپێَناو پەنادان و رزگاركردنی لە چنگی چەپەڵی بێباوەڕان و داڵدەدانی خۆی و منداڵەكانی و لەسەر پێشنیاری (خَوْڵەُ بِنْتُ حَكِیمِ بْنِ اڵاَوْقَصِ) و لە ساڵی دەی پێغەمبەرایەتیدا بڕیاری هاوسەرگیریی لەگەڵ خاتوو سەودە داوە و ژیانی خێزانی لەگەڵ پێك هێناوە.ـ لە تەمەنی پەنجا و یەك ساڵیدا پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)هاوسەرگیریی لەگەڵ خاتوو سەودەدا كردووە، ئەوكات خاتوو سەودە تەمەنی شەست و شەش ساڵان بووە، واتە ئەم خێزانەیشی دیسانەوە زیاتر لە پازدە ساڵ تەمەنی لە خۆی گەورەتر بووە، هەر بۆیەیش ئەم هاوسەرگیرییەی زۆر جێی سەرسوڕمانی بێباوەڕانی قوڕەیش و خەڵكی مەككە بوو، چونكە هەرگیز باوەڕیان نەدەكرد كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)ئافرەتێكی وەك خاتوو سەودە مارە بكات، كە بێوەژنێكی هەژاری بێكەسی بەساڵاچوو بوو، بڕێك منداڵیشی هەبوو.ـ ماوەی نزیكەی چوار ساڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو سەودە ماوەتەوە و هیچ هاوسەری تری بەسەر نەهێناوە، هەرچەند لەو ماوەیەدا خاتوو عائیشەی مارە كردووە (رەزای خوای لێ بێت) بەڵام نەیگواستووەتەوە تا كۆچی كردووە بۆ مەدینە.
خاتوو سەودە ئەوەندە ئافرەتێكی خواناس و بەخشندە و میهرەبان بووە، خاتوو عائیشە (رەزای خوای لێ بێت) دەربارەی فەرمویەتی: (مَا رَأیْتُ امْرَاةً احَبَّ الَيَّ أنْ أكُونَ فِی مِسْلاخِهَا مِنْ سوودةَ بِنْتِ زَمْعَةَ). واتە: هیچ ئافرەتێكم نەبینیوە حەز بكەم لەو بچم و وەك ئەو وابم، ئەوەندەی حەزم دەكرد لە خاتوو سەودە بچم و وەك ئەو وابم.
پاش ئەوەی كە خاتوو سەودە زۆر بەساڵاچووە، تەمەنی لە هەشتا ساڵ نزیك بووەتەوە بە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)ی گوتووە: من لەمەو دوا كارێكم بە پیاو نەماوە -دیارە مەبەستی كاری سەرجێیە- بەڵام هەر حەز دەكەم خێزانت بم و لە دواڕۆژدا وەك هاوسەرێكی تۆ لەگەڵ خێزانەكانی ترت زیندوو بكرێمەوە، پاشتر دەستی لەو مافەی خۆی هەڵگرتووە كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خێزانەكاتی تری بە یەكسانی شەوەكانیان لە نێواندا دابەش بكات و ئەو مافەی خۆی بەخشیوەتە خاتوو عائیشە (رەزای خوای لێ بێت).ـ لەبەر زۆریی تەمەن و لاواز بوونی بیریەوە خاتوو سەودە تەنیا پێنج فەرموودەی لە پێغەمبەری خوداوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.ـ لە مانگی شەووالی ساڵی پەنجا و چواری كۆچییدا و لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیاندا (رەزای خوایان لێ بێت)، خاتوو سەودە كۆچی دووایی كردووە.
سەرچاوە: كتێبی (رەواندنەوەی گومانەكان)
نووسینی: دكتۆر خالید موحەممەد ساڵح
ليست هناك تعليقات: