ئەو دوو وشەیەی کە مسوڵمانان لێی بێ ئاگان(المداراة) و (المداهنة)!؟ کامیان ڕێ پێدراوەو کامیشیان بیروباوەڕەکەت لەدەست دەدەیت؟
بەداخەوە بەهۆی دوورکەوتنەوە لە پەیامی خوای گەورەو واز هێنان لە خوێندنی زانستی شەرعی بەتایبەتی لایەنەکانی بیروباوەڕ(العقیدة)، ڕۆژانە دەیان مسوڵمان دەبینین پێ یەکانیان هەڵدەخلیسکێت و لاڕێ دەبن!.
کێشەکە لەوەدایە کەوا ئەم حاڵەتە تەنها نەزانەکانی نەگرتۆتەوە!، بەڵکو بەهۆی زۆرێك لەزاناکانەوە ئەوانیش سەریان لێ تێك چوەو کوێرانە شوێنیان دەکەون!.
لە بیروباوەڕی ئیسلامی دا زانایانی ئیسلام زۆر بەجوانی بۆیان ڕون کردوینەتەوە کەچۆن مامەڵە لەگەڵ بێباوەڕان و سنور بەزێنان بکەین و لەکوێدا ڕێ پێدراوەو لەکوێش دا دەبێت وریای خۆمان بین!، چونکە ئیتر کاتی لەدەست دانی بیروباوەڕەکەت دەبێت!.
جا بابزانین ئەو دوو ووشەیە واتای چیەو زانایان چۆن باسیان لێکردوە لەکۆتایشدا ڕونی دەکەینەوە کەوا کامیان ڕێ پێدراوەو کامەشیان دەبێت خۆمانی لێ بپارێزین!.
یەکەم" (المداراة).
هاوەڵێتی کردنی کەسانی نەفام لەزانستی شەرعی و (فاسق)و سنور بەزێنان لەڕێگری کردن لەو خراپانەی کە لەڕوکەشدا ئەنجامی دەدەن ، ئینکاری ئەو کردەوانەیان دەکەیت بە سۆزو حیکمەت و ئامۆژگاری جوان بە وتەو کردەوەش!، ئەمە هیچ ڕێگریەکی تێدا نیە لەشەرعدائەگەر هاتو هەندێك لە بەرژەوەندیە دونیاییەکانیشت لەدەست بدەیت لەو پێناوەدا لەبەر خاتری خوای گەورە!.
وە زانایانی ئیسلام دەفەرموون" واز لەهەندێك بەرژەوەندی دێنیت بۆ چاك کردنی ژیانی دونیاو دینەکەی یان هەردووکیان پێکەوە! ، بەو هۆیەوە بەربەستێك دروست دەکەیت تاوەکو دینەکەت پارێزراوبێت، وەك پێکەنین بەڕوی کەسانی(فاسق)و(جاهیل)و دوور لەدین وتنی هەندێك وشەی سەرزارەکی، بەبێ ئەوەی لەناختەوە دەربچێت و هاوکاریان بکەیت تەنها لەڕوکەشدا ئەوکارە ئەنجام دەدەیت بەبێ ئەوەی بهێڵیت بگاتە ئاستی(المداهنة) چونکە ئەوکات توشی کارەسات دەبیت و بیروباوەڕەکەت لەدەست دەدەیت!.
دووەم" (المداهنة).
زانایانی ئیسلام دەفەرموون: واتە تێکەڵی کردنی مرۆڤی(فاسق)و سنور بەزێن و ڕازی بون بەو کارو کردەوە خراپانەی کە ئەنجامی دەدات لەڕوکەشدا، بەبێ ئەوەی هیچ ئینکاری و ڕێگریەکی لێ بکرێت!.
بۆیە دەفەرموون: ئەوکارەش واز هێنانیەتی لەوەی کە واجب و پێویستە غیرەتی بۆ خوای گەورە بجوڵێت و فەرمان بەچاکە بکات و ڕێگریش لەخراپە بکات،وە خۆ بێ ئاگایی کردن و خۆ لەگێلی دان لەسەر ئەوە بۆ بەرژەوەندیەکی مادی و دونیای، بەردەوام بون لەسەر تێکەڵی کردنی ئەو جۆرە کەسە خراپانە کە بەردەوام لە خراپەدا دەژین و وازی لێ ناهێنن!، ئەمیش ناتوانێت گۆڕانکاری بکات و دەسەڵاتیشی بەسەر ڕێگری کردنی ئەو خراپەیەدا ناشکێت و،بەمەش بەپێچەوانەی فەرمانی خواو پێغەمبەری خواوە(صلی الله علیە وسلم) دەجوڵێتەوەو،بەمەش لەڕێگەی ڕاست و دروستی قورئان و سوننەت دوردەکەوێتەوەو بەرەو بێباوەڕ بونەوە هەنگاو دەنێت!.
هەر بۆیە زانای پایەبەرز ئیبن حەجەرلە ئیمامی قورتوبی یەوە (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) نقڵی دەکات و دەفەرمووێت: والفرق بين المداراة والمداهنة أن المداراة بذل الدنيا لصلاح الدنيا أو الدين أو هما معاً وهي مباحة وربما استحبت. والمداهنة ترك الدين لصلاح الدنيا.
واتە: جیاوازی لەنێوان(المداراة) و (المداهنة) ئەوە کە (المداراة) وازهێنانیەتی لە بەشێکی دونیا بۆ چاك کردنی ژین و دینی یان هەردووکیان پێکەوەو ئەمەش ڕێ پێدراوەو پەسەندە!، بەڵام (المداهنة) واز هێنانیەتی لە دین بۆ چاك کردنی دونیاکەی کە ئەمەش قەدەغەو ڕێ لێ گیراوە بەهەموو شێوەیەك!.
بەڕاستی زۆر بەداخەوەم لە ئێستادا زۆرێك لەزاناو بانگخوازو سەرکردە ئیسلامیەکان بۆ مانەوەو لەدەست نەدانی بەرژەوەندیە دونیاییەکانیان ئامادەن تەنازول لەزۆر لایەنی ئەو دینەشدا بکەن!، جا ئێستا بزانە تۆ لەکامیاندا ژیان دەگوزەرێنیت؟
لەگەڵ ڕێزی براتان: باوکی ئەسماء
No comments: