هۆكارو حیكمەتی زۆری خێزانەكانی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) چییە؟؟
ئەگەر كەسێك هات و بە مەبەستێكی خراپ و بۆ ئیحراج كردن و گومان دروست كردن پرسیاری لێ كردی دەربارەی ژن هێنانی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) ئایا دەزانیت چۆن وەڵام بدەیتەوە؟؟
ئایا دەتوانیت ئەم ئیحراج بوونە لەسەر خۆت لابەریت كە هۆكارەكەی تەنها كەم شارەزایتە دەربارەی شێوازو هۆكارەكانی فرە خێزانداری پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم),وەڵامی ئەم پرسیارەش لە ووتارێكدا دەست دەكەوێت كە(عمرو خالد) ماوەیەك لەمەوبەر دەربارەی دایكانی ئیمانداران (رەزای خوایان لێ بێت)پێشكەشی كرد كە من كورتم كردۆتەوە بەم شێوەیە:
یەكەم: سەرەتا با بپرسین: ئایا پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) چەند خێزانی هەبووە؟
وەڵام: ژمارەی خێزانەكانی دوانزە بووەو كاتێك وەفاتی كرد (دە)یان لە ژیاندا مابوون, چونكە لە ژیانی خۆیدا تەنها خاتوو (خەدیجە)و خاتوو (زەینەب) وەفاتیان كرد(رەزای خوایان لێ بێت).
دووەم: ئایا ناوی دایكانی ئیماندارانت لەبەرە؟
- خەدیجەی كچی خوەیلد
- سەودەی كچی زەمعە
- عائیشەی كچی ابی بكر
- حەفصەی كچی عمر
- زەینەبی كچی خزیمە
- أم سەلەمە هند كچی عوتبە
- زەینەبی كچی جەحش
- جوەیریەی كچی الحارث
- صەفیەی كچی حیی كوری أخطب
- أم حەبیبە رەملەی كچی ابی سفیان
- ڕەیحانەى كچی شمعون
- مەیمونەی كچی الحارث
ئێستا با پرسیارێكی تر بكەین: ئایا چەندیان كچ و چەندیان بەتەمەن و بێوەژن بوون؟
لەوەڵامدا دەڵێین: یەكێكیان كچ بووە كە خاتوو عائیشەیە وە سەراپای ئەوانی دی بێوەژن بوون.
ئایا هەموویان لە عەرەب بوون؟
بەڵێ هەموویان عەرەب بوون جگە لە خاتوو(ماریا) كە لەدەرەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبی بووە لە وڵاتی میصر.
ئایا هەموویان موسڵمان بوون؟
بەڵێ جگە لە دووانیان: خاتوو (صەفییە) كە جولەكە بووەو خاتوو(ماریا) كە گاور بووە.
ئێستاش با وەڵامی ئەم پرسیارەش بدەینەوە: ئایا هۆكاری ژن هێنانی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) تەنها ئارەزوو بووە؟
ئەگەر سەرنجی قۆناغەكانی ژیانی هاوسەرداری پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) بدەین دەبینین بە تەواوی دوور بووە لە ئارەزوو. با بەڵگەی عەقڵی بێنینەوەو ووردبینەوە:
1- پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) هەر لە پێگەیشتنییەوە تا تەمەنی(25) ساڵی خێزانی نەبووە.
2- لە تەمەنی (25) تا(50) ساڵی (كە گەرمەو لوتكەی گەنجێتییە) هاوسەرێكی خواست كە (15) ساڵ لە خۆی بە تەمەنتر بوو, وە پێشتر دوو شووی كردبوو وە منداڵیشی هەبوو.
3- لە تەمەنی (50) بۆ (52) ساڵی خێزانی نەبووە لەبەر خەم و وەفایەك بۆ هاوسەری یەكەمی.
4- لە (52) بۆ (60) چەند هاوسەرێكی خواستووە لەبەر چەند هۆكارێكی سیاسیو ئاینیو كۆمەڵایەتی, كە دواتر بە درێژی باسی دەكەین.
جا ئایا دەچێتە عەقڵەوە كە كە لە پڕێكداو لە تەمەنی (52) ساڵییەوە شەهوەتبازی دەركەوتبێت؟!! وە ئایا دەچێتە عەقڵەوە كەسێك كە حەزی لە خێزانداری بێت كەچی لەچڵە پۆپەی لاویدا ئافرەتێكی بەتەمەن بخوازێت كە پێشتر دوو شووی كردبێت و (25) ساڵیش لە گەڵیدا بێت بێ ئەوەی ژنی تری بەسەر بهێنێت و پاشانیش دوو ساڵیش دوای وەفاتی ئەو بە بێ خێزان بمێنێتەوە وەك وەفاو رێزێك بۆی؟؟!!
پاشان پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم)دوای خاتوو (خەدیجە) خاتوو (سەودە)ی خواست كە تەمەنی (80) ساڵ بووەو یەكەم بێوەژن بووە لە ئیسلامدا, لەبەر ئەوە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) ویستی رێزی لێ بگرێو رێز لەو ئافرەتانە بگرێت كە هاووێنەی ئەون, بە جۆرێك لە خودی خۆیەوە دەستی پێكردو فەرمانی نەدا بە هاوەڵانی كە بیخوازن, بەڵكو خۆی ئەم كارە مرۆڤانەیەی ئەنجامدا تا ببێتە پێشەنگ.
كەواتە لەوەی باسمان كرد دەگەینە ئەم دەرئەنجامە:
پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) بە دوو رێگا خێزانی هێناوە:
1- وەك محمدی پیاو(صلی الله علیه وسلم): ( خاتوو خەدیجەی خواست)
2- وەك محمدی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم): (سەراپا خێزانەكانی تری خواستووە)
جا با ئەم پرسیارە بكەین:
ئایا تەنها پێغەمبەری خوا محمد (صلی الله علیه وسلم) زیاد لە خێزانێكی هێناوە یان پێغەمبەرانی تریش هەن بەم جۆرە؟
لە وەڵامدا دەڵێین بەڵێ پێغەمبەرانی تریش هەن زیاد لە خێزانێكیان هەبووە وەك پێغەمبەر: (ابراهیم و داود و سلیمان) (علیهم الصلاە والسلام), وە ئەمەش لە سەراپای كتێبە ئاسمانییەكاندا هەیە, دەسا ئیتر بۆچی رۆژئاوا هێرشمان دەكەنە سەر لە كاتێكدا خۆیان لە بنچینەدا دان بەمەدا دەنێن و لە كتێبەكانیشیاندا هەیە؟؟!
ئێستاش باس لەو باڵنەرە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینییانە دەكەین كە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) مەبەستیبووە لە پشت هێنانی خێزانەكانییەوە:
1- هێشتنەوەی ئیسلام و بانگەوازەكەی بە ووردەكاریو تایبەتمەندییەكانییەوەو گەیاندنی بە ئوممەتی ئیسلامی (وەك نوێژو ووردەكارییەكانی), لەبەر ئەوە پێویست بووە كەسێك بێتە ماڵی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) بۆ بینین و لەبەركردن و گەیاندنی ئەم ووردەكارییە پێویستانە هەتا ئوممەت فێری ببێت, لەبەر ئەوە خوای گەورە ویستی وابوو پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) خاتوو (عائیشە) بخوازێت كە ئەوكات تەمەنی بچوك بووە, تا بە هۆی كەم تەمەنییەوە زیاترو زۆرتر فێر ببێت, چونكە زانست لە منداڵیدا وەك نەخشی سەربەرد وایە, ئەوەبوو خاتوو عائیشە(رەزای خوای لێ بێت) (42) ساڵ پاش پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) ژیا زانستی بڵاو دەكردەوە. وە قسەكردن دەربارەی فەزڵی خاتوو عائیشە درێژە دەخایەنێت چونكە شارەزاترین كەس بووە بە فەرزو سوننەتەكان, وە ژمارەی ئەو فەرموودانەی كە خێزانەكانی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) ریوایەتیان كردووە دەگاتە (3000) فەرموودە كە لەم ژمارەیە خاتوو عائیشە بە تەنها (2210) فەرمودەی ریوایەت كردووە!!
دەربارەی ئەو گومانەشی كە دەوترێت عائیشە لە منداڵیدا شووی كردووە.. دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ژینگەی ناوچەی بیابانی كە ئافرەت لەو شوێنانەدا بە خێرایی پێدەگات و باڵغ دەبێت, وە ئەمەش زۆر باو بووە كە ئافرەتیان لەو تەمەنانەدا داوە بە شوو نەك تەنها لای عەرەبەكان بەڵكو لای رۆم و فارسەكانیش.
2- پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هاوەڵان و گرێدانیان بەیەكەوە كە ئەمەش دەبێتە مایەی بەهێزبوونی ئوممەت, ئەوەتا پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) كچی ئەبو بەكری صدیق و عمری كوری خەتتابی خواستووەو لەو لاشەوە دوو كچی داوە بە عوسمانی كوری عەففان و كچی سێیەمیشی لە عەلی كوری ئەبو تالیب مارە كردووە (رەزای خوایان لێ بێت).
3- بەزەیی هاتنەوە بە بێوەژناندا, لەم پێناوەشدا خاتوو (سەودەو ئوم سەلەمەو ئەم حەبیبە)ی خواستووە.
4- تەواوكردنی تەشریعی ئیسلامی بە جۆرێك پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) خۆی بە كردار هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی تا ببێتە پێشەنگ و قیدوە بۆ موسڵمانان, سا بە رێزگرتنی لە بێوەژنان بێت یان بە بەزەیی هاتنەوە بەوانەدا كە تازە موسڵمان بوون: وەك خواستنی خاتوو صەفیە دوای ئەوەی باوكی موسڵمان بوو وە هەروەها بۆ بەرزكردنەوەی رێزو حورمەتی لەلای ئەو جولەكانەی حەسودیان پێ دەبرد.
5- پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) حەزی كردووە پەیوەندی نێوان پارچەكانی زەویدا دروست بكات و گرێی بدات بەیەكەوە بە جۆرێك لە خواستنی خاتو (ماریا)ی میصریدا ویستی دڵی ووڵاتێكی تەواو رابكێشێت بە لای خۆیدا, وە كاتێك خاتوو (جوەیریە)ی خواست مەبەستی ئەوە بوو بەنی مصطلق موسڵمان ببن لە كاتێكدا دیل بوون بە دەست موسڵمانانەوە دوای ئەوەی لە غەزوەی بەنی مصطلق دا بە دیل گیران و بەسەرهاتەكەش زانراوو مەشهورە.
ئومێدەوارم بابەتەكەم ببێتە مایەی دڵئارامیو بەهێزتان بكات بۆ رووبەروو بونەوەی ئەو گومانانەی دوژمانی ئیسلام یان نەفامەكانی لای خۆمان بڵاوی دەكەنەوە بە مەبەستی گومان خستنە ناو دڵتانەوە دەربارەی ئاینەكەمان..
لە دوعای خێریش بێ بەشمان مەكەن.
حاجی ئەهوەن
خوای گەورە پاداشتتباتەوە و سەرفرازی دنیا و قیامەتتكات.
ReplyDeleteلەگەڵ جەنابتاندا...دەستت خۆش بێت
Delete