خێزانی یازدەیەمى پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم): خاتوو صەفییە(ڕەزاى خواى لێ بێت):

ـ یازدەیەم خێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خاتوو: (صَفِيَّةَ بِنْتِ حُيَيِّ بْنِ أَخْطَبَ)ی كچی (حُيَيِّ بْنِ أَخْطَبَ)ی گەورەپیاو و دەسەڵاتداری هۆزی(بَنِي النَّضِيرِ)ی یەهودیە، دایكیشی ناوی (بُرَْةَ بِنْتَ سَمَوْأَلٍ)ە.

ـ نەسەبی خاتوو صەفیە دەگەڕێتەوە سەر پێغەمبەر (هارون بن عمران)ی برای پێغەمبەر (موسا) صەلات و سەلامی خوایان لەسەر بێت.
ـ بەر لەوەی ببێتە خێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خاتوو صەفیە دوو شووی تری كردووە،یەكەمیان بە (سَلَامِ بْنِ مُشْكِم) و پاش ماوەیەك ئەو تەڵاقی داوە،دووەمیشیان بە (كنَانَةُ بْن الرَّبِيعِ بْن أَبِي الْحَقِيقِ) و ئەویش لە غەزای خەیبەردا بە دەستی موسڵمانان كوژراوە.
ـ پاش ئەوەی كە یەهودییەكان هەر بەردەوام بوون لە سەر ئاژاوەگێڕیی خۆیان وهەوڵدان بۆ لەناو بردنی موسڵمانان، پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) سوپایەكی ئامادە كردووە و هێرشی كردووەتە سەر ئەو قەڵا و مۆڵگانەی یەهودییەكان كە مەڵبەندی ئاشووب و فیتنەگێڕیی بوون دژ بە موسڵمانان، لە غەزایەكدا كە بەناوبانگە بەغەزای خەیبەر، لووتی یەهودییەكانی بۆ دواجار شكاندووە، هەندێك لە سەرانیفیتنە و ئاژاوەگێڕی لەو غەزایەدا لەناو بردووە، لە نێوان ئەو سەرانەدا باوك و برایەك و هاوسەرەكەی خاتوو صەفیەیان تێدا بووە، خاتوو صەفیەیش پاش كۆتایی شەڕەكە یەخسیر كراوە.
ـ خاتوو صەفیە بە كۆیلایەتی كەوتۆتە لای هاوەڵێكی ئازیزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ناوی (دِحْيَةُ الكَلْبِيِّ)، پاشتر كابرایەك هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێی گوتووە، كە ئەو ئافرەتە هەم كچی سەرۆكهۆز و هەم خێزانی سەرۆكهۆزی دوو بنەماڵەی یەهودییە، باشتر وایە وەك دڵدانەوەیەك و رێزلێنانێك خەمێكی لێ بخۆیت، پێغەمبەری خودایش (صلى الله عليه وسلم) بە گوێی كابرای كردووە و خاتوو صەفیەی لە كۆتی كۆیلایەتی رزگار كردووە و سەرپشكی كردووە لەوەی كە ئازادی بكات و لەسەر یەهودییەتی خۆی بمێنێتەوەو بگەڕێتەوە ناو كەس و كاری خۆی، یان موسڵمان بێت ولە لای موسڵمانان بمێنێتەوە، ئەویش كە ئەو رێزەی پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) بینیوە بڕیاری موسڵمان بوونی داوە و پاشتر پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) وەك زیادە رێزلێنانێك خواستویەتی و ئەویش زۆری پێخۆش بووە.
ـ لە مانگی شەووالی ساڵی حەوتی كۆچی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو صەفیەدا دەست پێكردووە.
ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) زۆر رێزی خاتوو صەفیەی گرتووە، جارێكیان خاتوو صەفیەچاو بەگریان هاتۆتە خزمەتی و ئەویش لێی پرسیوە بۆ دەگریت؟ خاتوو صەفیەیشلەوەڵامدا وتویەتی: خاتوو حەفصە پێم دەڵێ كچە یەهودی، پێغەمبەری خودایش (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووە: {إِنَّكِ ابْنَةُ نَبِي(صلى الله عليه وسلم))، وَإِنَّ عَمَّكِ لِنَبِيٌّ، وَانَّكِ تَحْتَ نَبِي (صلى الله عليه وسلم))، فَبِمَ تَفْخَرُ عَلَيْكِ؟، ثُمَّ قَالَ: اتَّقِي اللَّهَ يَا حَفْصَةُ}.
واتە: تۆ كچی پێغەمبەریت، مامیشتپێغەمبەرە -مەبەستی هاروون و موسای برایەتی- خێزانی پێغەمبەریشیت، ئیترحەفصە بە چی نازت بەسەردا دەكات، پاشان پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) بە خاتوو حەفصەی گوتووە: لە خوا بترسە و وای پێ مەڵێ.
ـ خاتوو صەفیە لە ژیانی خۆیدا خاوەنی زۆر هەڵوێستی جوامێرانە بووە لە زۆر كاتو شوێندا، لەوانە كاتێك ئاژاوەگێڕِ و چەتەكان گەمارۆی ماڵی خەلیفەیستەملێكراو (عُثْمَانَ بْنِ عَفَّانَ)یان داوەو ویستویانە بە ناحەق شەهیدی بكەن، هەموو رێگەیەكی خواردن و خواردنەوەیان لە خۆی و خانەوادەكەی گرتووە، خاتوو صەفیە لەو كاتە ناسكەدا بێ گوێدانە هیچ مەترسییەك بەردەوام لەماڵەكەی خۆیەوە خواردن و خواردنەوەی بۆ رەوانە كردوون.
ـ هەروەها جارێكیان كەنیزەكێكی خۆی دەچێت لای ئیمامی عومەر سكاڵای لێ دەكات ودەڵێت: خاتوو صەفیە هەتا ئێستایش هەر رۆژی شەممەی خۆش دەوێت و سەردانی یەهودییەكان دەكات، ئەویش وەڵامی بۆ دەنێرێت و پرسیاری لێدەكات، خاتوو صەفیەیش لە وەڵامدا دەڵێت: سەبارەت بە رۆژی شەممە لەو كاتەوە كە خوا رۆژیهەینی پیرۆز كردووە من یادی شەممەم لەدڵدا نەماوە و خۆشم ناوێت، سەبارەت بە سەردانی یەهودییەكانیش من تا ئێستا هەندێك خزم و كەس و كارم لە نێوانیاندا هەیە ئەركی خزمایەتیان بەرامبەر جێبەجێ دەكەم و هیچی تر، پاشان خاتووصەفیە بە كەنیزەكەكەی گوت: چی وای لێ كردیت ئەو كارە بكەیت؟ وتی: شەیتان. وتی: دەی بڕۆ لەبەر خودا ئازاد بە و گەردنت ئازاد بێت.
ـ لە تەمەنی پڕ لە فەڕی لەگەڵ پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) خاتوو صەفیە تەنیا دە فەرموودەی لە پێغەمبەری خوداوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.
ـ لە مانگی رەمەزانی ساڵی پەنجای كۆچی و لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی موعاویەی كوڕی ئەبو سوفیان خاتوو صەفیە كۆچی دوایی كردووە، تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی بەقیع بەخاك سپێردراوە

نووسینی: دكتۆر خالید موحەممەد ساڵح
سەرچاوە: کتێبى رەواندنەوەی گومانەكان

No comments:


نموذج الاتصال

Name

Email *

Message *